Kurdisch kurdî
راوێژەریی ژنانی ئینەپتاڵ زیاتر لە ماوەی بیست ساڵە راوێژکاری و پشتیوانی دەکات، لە ژنان، جا سەر بە هەر نەتەوەیێک بن، یا خود هەر ئاینێکیان هەبێ. ئێمە رێنمایی و راوێژکاری و زانیاری ئەدەین بەو ژنانەی کە لە تەنگانەدان، ئەوانەی هەل و مەرجی گوزەرانییان قورس و پرزەحمەتە، ئەوانەی زۆردارییان لەسەرە، گرفتی پەروەردەکردنیان هەیە، هەروەها لە کاتی تەلاق و جیابوونەوە.
راوێژکاری لە بابەتی زۆرداریلێکردن
ژنان لە هەموو شوێنێکی ئەم دنیایە تامی زۆرداریلێکردن ئەچێژن. ژنان ئەزمونی زۆرداریلێکردنی خاووخێزانییان هەیە، لە لایەن هاوسەر یاخود کەسانی بێگانە. زۆرداریکردن دەرحەق بە ژنان ژێر پێخستن و بریندارکردنی مافی مرۆڤە، ئەم کارە لە ئاڵمان بە تاوان ئەژمێردرێ.
هەموو ئەم شتانە زۆرداریلێکردنن:
زۆرداریلێکردن و زەبر وزەنگی جەستەیی کاتێک:
- لێیان بدرێ، ژێرپێ بخرێن، تەنگەتاو بکرێن، پاڵیان پێوە بنرێ.
- بە چەک یاخود بە ئامرازێک بریندار بکرێن
- کاتێک ناچاربکرێن ئەندامی مێیینەیان ببڕدرێ (خەتێنە بکرێن)
ئەمەش زۆرداریلێکردنی سێکسە، ئەگەر:
- (تەجاوز) دەستدرێژییان بکرێتەسەر ، یان بە زورداری داوای کاری سێکسیێان لێ بکرێ
- لە کۆڵیان نەکەونەوە و زەختی سێکسییان بخرێتە سەر (بە بێ رەزامەندی دەستیان بۆ ببرێ)
- ناچار بە لەشفرۆشی بکرێن.
زەبر وزەنگی رۆحی و دەروونی، کاتێک:
- سووکایەتییان پێبکرێ، جنێویان پێبدرێ یان بەسەریاندا گوڕەگوڕ و شیتەشیت بکرێ
- کۆنترۆڵی زۆرێان بەسەرەوە بێت و بەبەردەوامی چاوەدێری بکرێن.
- رێگایان پێنەدرێ بۆخۆیان بڕیار بدەن (بۆ نمونە لە ماڵەوە بچنە دەرەوە)
- هەڕەشەیان لێبکرێ (بۆ نمونە لە کاتی جیابوونەوە، کە دەکوژرێن، کە جێگاورێگایان لە دەست ئەدەن، یا خود مناڵەکانیان لێ ئەسێننەوە )
- بە بێ رەزامەندی خۆیان ناچار بە شوکردن بکرێن.
زۆرداریلێکردن و زەبر وزەنگ نەخۆشی بەدواوەیە. زۆرێک لە ژنان قسە لە بەسەرهاتەکانیان ناکەن. ئەوان ترسیان هەیە و شەرم دەکەن کە شتەکانیان بگێڕنەوە. لەگەڵ بەسەرهاتەکانی خۆتان بە تەنیا مەمێننەوە هەر لە دڵی خۆتانا ڕای مەگرن! لە گەڵ ڕاوێژکاریی ژنانی ئینەپتاڵ کاتێک دیاری بکەن بۆ قسە لێکردن. ئێوە ئەتوانن لە بابەت نیگەرانی و ترسەکانتانەوە قسە بکەن. ئێمە لەسەر مافەکانتان زانیاریتان ئەدەینێ کە چۆن بتوانن خۆتان لە چنگ زەبروزەنگ و زۆرداری بپارێزن. لەم شوێنی ڕاوێژکاریی تەنیا ژنان کار ئەکەن. ئەم کارمەندانەش بەرپرسن لە پاراستن و نەدرکاندنی نەهێنییەکان. ئەمە بەو مانایەیە کە ئێوە ئەتوانن لەسەر هەموو شتێک لە گەڵ ئێمە قسە بکەن. ئێمە ئەم قسانە ناگێڕینەوە! راوێژکاریش لێرە بەخۆڕاییە.
رێگاکانی گەیشتن بە ناوەندی راوێژکاریی ژنانی ئینەپتاڵ:
بۆ دیاریکردنی کاتێک تەلەفۆنمان بۆ بکەن یاخود ئیمایلێکمان بۆ ڕەوانە بکەن. ئەگەر ئێوە ئاڵمـانی کەم ئەزانن یان هیچی لێنازانن یاخود ناشتوانن بە ئینگلیسی قسە بکەن، بە کەسێکیتر ـ کە متمانەی پێئەکەن ـ بڵێن تەلەفونتان بۆ بکات. خانمی ڕاوێژکار لێرە هەوڵ ئەدا وەرگێڕێکتان بۆ پەیدا بکات کە قسەکانتان تەرجومە بکاتەوە.
ناوەندی راوێژکاریی ژنانی ئینەپتاڵ لەم سێ شوێنە هەیە:
45525 Hattingen
Talstr. 8 (2. Obergeschoss) |
58452 Witten Augustatr.47 | 58332 Schwelm
Markgrafenstr.6 |
|
ئەمەش ئادرەسی ئیمایلی راوێژکاریی ژنانی ئینەپتاڵە | E-Mail: info@frauenberatung-en.de | ||
یارمەتیدان لە کاتی پێویست و تەنگانە
یارمەتی وەربگرن! بچنە لای کەسێک کە متمانەتان پێیەتی. بۆ نمونە بچنە لای ئەو کەسەی لە سوسیال یارمەتییت ئەدا، یان سەرپەرشتیاری مەنزڵگا (هاوس مایستر) یاخود خانمێکی جیران، ….
ئەگەر ئێوە لە مەترسیدان و بە خێرایی پێویستیتان بە پارێزەر و یارمەتیدان هەیە، ئەوا ئەتوانن هەروەها بەم ژمارەیە ـ ١١٠ ـ تەلەفون بۆ پۆلیس بکەن. پۆلیس ئەتوانی بۆ نمونە مشوری ئەوە بخوات کە دەبێ هاوسەرەکەت یان هاوژینەکەت بۆ ماوەی دە رۆژ ماڵ یان مەنزڵگای پەنابەری پێبەجێ بهێڵێ.
خانو یان ماڵی ژنان
ئەگە ئێوە خۆتان بتانەوێ، ئەوا پۆلیس ئەتوانێ بتان بات بۆ خانوویێکی ژنان. خانووەکانی ژنان شوێن و جێگای تایبەتین بۆ پاراستن و لەخۆگرتنی ژنان و مناڵەکانیان. لەوێ تەنیا ژنان کار ئەکەن و لێی ئەژین. شوێن و عینوانەکەشی شاراوەیە و بە کەس ناوترێ.
هەروەها ئێوە بۆخۆشتان لە شوێنی خۆتانەوە ئەتوانن بەم ژمارەیە ٦٢٩٢ـ ٠٢٣٣٩ تەلەفون بکەن. لە رێگای ئەم تەلەفونەوە بۆتان شی ئەکرێتەوە کە چۆنچۆنی ئەتوانن خۆتان بگەیێننە خانوی ژنان.
ئەتوانن زانیاری زیاتر سەبارەت بە ماڵەکانی ژنان لەم لاپەڕەی ئیتێرنێتییە بەدەست بخەن:
مافەکانی ئێوە لە کاتی زەبروزۆرداریی لێکردن:
ژنان لە ئالمان بە پێی (پاراگرافی یەک لە یاسای پاراستن لە زەبروزۆرداری) بە بێ لە بەرچاوگرنی ئەوەی کە لە کوێوە هاتون، یان بارودۆخی مانەوە و نیشتەجێییان چۆنە، ئەتوانن داواکاریی بەرز بکەنەوە. دادگا ئەتوانێ بۆ نمونە لە هاوسەر یان هاوژینەکەت قەدەغە بکات کە:
- بگەڕێتەوە بۆ ماڵ
- لە ئێوە نزیک ببێتەوە
- لە رێگاکانی وەک تەلەفون، ئێس ئێم ئێس، واتس ئاپ و شتی لەوجۆرە پێوەندیتان پێوە بکات.
راوێژکاریی ژنانی ئینەپتاڵ ئەتوانێ لەم بابەتانەوە یارمەتیتان بدات.
زانیاری زیاتری حقوقی و مافەکان: